ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
بەگزادەکانی جاف داوادەکەن زەوییەکانی (شێخ لەنگەر)ـیان بەسەردا دابەش بکرێت

2024/01/26 - 08:10 | 528 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
ژمارەیەک لە وارسی بەگزادەکانی جاف داوا دەکەن زەوییەکانی گوندی شێخ لەنگەر لە گەرمیان بەسەر ئەواندا دابەش بکرێت، لەکاتێکدا ئەو زەویانە چەندین ساڵە دراون جوتیارانی دیکە و کشتوکاڵی تێدادەکەن.
 
بەپێی نوسراوێک کە دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، ٢٩ وارسی بەگزادەکانی جاف، داوایەکیان ئاراستەی دادگای بەرایی کفری کردوە بۆ ئەوەی هەردو پارچە زەوی ژمارە (١/ ٣) و (١/ ٤) لە کەرتی یەکی شێخلەنگەر، دابەش بکەن بەسەریاندا و بیانکەن بە ناویانەوە، کە ئێستا بەناوی حەوت کەسیانەوەیە.
 
گوندی شێخ لەنگەر، سەر بە ناحیەی کۆکسە کە ئەویش سەر بە قەزای کفرییە لە ئیدارەی گەرمیان.
 
کامەران غەفار، لێپرسراوی بەشی کشتوکاڵی کۆکس، لەبارەی ئەو پرسەوە بۆ رادیۆی دەنگ وتی: روبەری ئەم دو پارچە زەویە زیاد لە ۲٤۰٦ دۆنمە، بە بڕیارێک لە لایەن حکومەتی پێشوی عێراق لەساڵی ۱۹۷۳ دەستگیراوە بەسەر ئەم زەویانە و لیژنەی دابەشکردنی زەویە کشتوکاڵییەکان دابەشی کردوە بەسەر ئەو جوتیارانە کە ئێستا دەیکێڵن، بەڵام ئەو دەستبەسەرداگرتنەی ئەو لیژنەیە کردویەتی، پلەی کۆتایی وەرنەگرتوە و بڕیارەکە "تصدیق" نەکراوە.
 
رونیشیکردەوە: ئەوکات گوندەکە سەربەناحیەی کۆکس بوە، ناحیەکەش سەر بە قەزای کفری بوە و قەزاکەش سەربە پارێزگای کەرکوک بوە، بەڵام لەساڵی ۱۹٨٤ کاتێک کفری و ئەو گوندانە خراونەتە سەر پارێزگای دیالە، لیژنەی دەستبەسەرداگرتنی دیالە جارێکی تر هاتوە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئەو زەویانەی هەڵوەشاندوەتەوە، زەوی پارچەی یەکیان ئیفرازیان کردوە بۆ چەند پارچەیەک، لەو پارچانە زەوی یەک لەسەر سێ و یەک لەسەر چواریان گەڕاندوەتەوە بۆ خاوەن موڵک، بەڵام بڕیاری دابەشکردنەکەی ساڵی ۱۹۷۳ کە دراوە بەجوتیارەکان ئەو بڕیارەیان هەڵنەوەشاندوەتەوە و کشتوکاڵی ناوچەکەشیان ئاگادارنەکردوەتەوە کەبڕیاری دابەشکردنی ئەم زەویانەیان هەڵوەشاندوەتەوە و گەڕاندویانەتەوە بۆ خاوەن موڵک.
 
لەبارەی ئەوەی ئەگەر پرسەکە هێندە کۆنە و بۆ ساڵانی ٧٠ و ٨٠ـکانی سەدەی پێشو دەگەڕێتەوە، بۆچی ئێستا سەریهەڵداوە؟ کامەران غەفار وتی: ئەوکات خاوەن موڵک داوای زەویەکانی نەکردوە، بەڵام ئێستا خاوەن موڵکەکان لە ڕێگەی بریکاریانەوە و لە دادگای بەرایی کفری داوایان تۆمارکردوە.
 
داواکارەکان نەوەی بەگزادەکانن و ژمارەیان ٢٩ کەسە.
 
کامەران غەفار، رونیشیکردەوە: داواکارەکان بەو شێوازە سکاڵایان کردوە کە زەویەکە بەدەست خۆیانەوەیە و داوایان کردوە بەشبکرێت لەنێوانیاندا و هەریەکە و پشکی خۆی وەربگرێت، بەڵام لەواقعدا زەویەکە بەدەست خۆیانەوە نیە و بەدەست جوتیارەکانەوەیە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، لە ئێستادا جوتیارەکانی ئەو گوندە روبەڕوی ئەوە دەبنەوە کە ئەو زەویانە کە کاتی خۆی حکومەتی عێراق لەچوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیی کشتوکاڵیدا بەسەریاندا دابەشی کردون و لەوساوە تائێستا کشتوکاڵی تێدا دەکەن، لێیان بسەنرێتەوە، هەربۆیە پەنایان بۆ زۆر شوێن بردوە.
 
بەوتەی بەڕێوبەری کشتوکاڵی کۆکس، بەپێی فەرمانی دادگا پێش ماوەیەک رۆژێک دیارییکرا بۆ ئەوەی لیژنەیەکیان بێنە سەر واقع حاڵ و کەشفی شوێنەکە بکەن، بەڵام بەهۆی بارانەوە دواخرا.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,761,212     ژمارەی میوان 1066